ڕۆژی پێنجشەممە 24ـی 9ـی 2015 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە یەكەم ڕۆژی جەژنی پیرۆزی قورباندا بە مەبەستی بەرز ڕاگرتنی یادی شەهیدی فەرماندە شەهید فەرەیدوون جوانڕۆیی و هەروەها پیرۆزبایی كردنی جەژن لە پێشمەرگە قارەمانەكان سەردانی میحوەری خازری كرد.
لەم سەردانەدا سەرۆك بارزانی یادی شەهیدی سەركردە شەهید فەرەیدوون جوانڕۆیی بەرز نرخاند كە لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش ئەركی خۆی لە بەرگریكردن لە خاكی كوردستان لە میحوەری خازر قارەمانانە و زۆر بە سەركەوتوویی ئەنجام داوە. سەرۆك بارزانی پیرۆزبایی لە پێشمەرگە قارەمانەكانی ئەو میحوەرە كرد و هەر لەوێشەوە پیرۆزبایی لە یەك بە یەكی پێشمەرگە قارەمانەكان كرد هەر لە خانقینەوە هەتا شنگال، كە ئازایانە بەرگری لە گەلی كوردستان و مرۆڤایەتی و بەها ئینسانییەكان دەكەن. سەرۆك بارزانی پیرۆزباییشی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان كرد و سڵاویشی بۆ گیانی پاكی ئەو پێشمەرگانە نارد كە گیانی خۆیان فیدای نیشتیمان كردووە و شەهید بوونە. هەروەها پیروزبایی جەژنی لە پێشمەرگە بریندارەكانی شەڕی دژی تیرۆریستان كرد و هیوای چاكبوونەوەی بۆ خواستن.
سەرۆك بارزانی لەم سەردانەیدا سوپاسی خۆڕاگری و گیانفیدایی پێشمەرگەی كرد و جەختی لەوە كردەوە كە پێشمەرگە مێژوویەكی مەزنی تۆمار كردووە و بە گیانی خۆی وڵاتەكەی و جیهانی پاراست و بووە سیمبوڵی پاراستنی ئازادی و بەهاكان لە بەرانبەر داعشێك كە سیمبوڵی تاوان و تیرۆر و دژایەتیكردنی ژیانە. سەرۆك بارزانی ئاماژەی بە بارودۆخی بەرەكانی شەڕ كرد و هێمای بەوە دا كە ئیرادە و بیروباوەڕی پێشمەرگە زۆر بەهێز و بەرزە و دڵنیاییشی دایە پێشمەرگە كە سەركەوتن بۆ پێشمەرگە و كوردستان دەبێت و لەو ڕێگەیشەوە دڵی هەموو لایەك ڕوون بێت و دەبێ هیوامان بە دواڕۆژ زۆر بێت.
لەبەشێكی ئەم سەردانەدا سەرۆك بارزانی لەگەڵ فەرماندە مەیدانییەكانی میحوەری خازر كۆبوویەوە و فەرماندەكان، سەرۆك بارزانیان لە ڕەوشی مەیدانیی بەرەكانی شەڕ ئاگادار كردەوە و سەرۆك بارزانیش ڕێنوێنی و ئامۆژگاریی پێویستی خستەڕوو.
بەبۆنەی هاتنی جەژنی قوربانی پیرۆزەوە سەرەتا گەرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی خانەوادە و کەسوکاری سەربەزی شەهیدە نەمرەکانمان دەکەین و هەرگیز گیانفیداکاری و قوربانیی ئەو ڕۆڵە قارەمانانەمان لەیادناچێ کە لە سایەی خوێنی گەشی ئەواندا گەلەکەمان بە سەربڵندی و شکۆوە بەرەو ئاییندەیەکی گەش هەنگاو دەنێت.
پیرۆزباییەکی گەرم ئاڕاستەی پێشمەرگە قارەمانەکانمان دەکەین کە لە سەنگەری شەرەف و سەربەرزیدا بەریان بە شاڵاوی دڕندانەی بەرەی تاریکی و تیرۆر گرتووە.
ئەم بۆنەیە پیرۆز دەکەین لەسەرجەم موسوڵمانانی کوردستان و عێراق و جیهان. هیوادارین هاتنی جەژنی قوربانی پیرۆز، کردنەوەی دەروازەی خێر و خۆشی بێت بۆ گەل و خاکەکەمان و دەرگا بە ڕووی برایی و تەبایی و یەکڕیزیی لایەنەکانە سیاسییەکان و سەرجەم پێکهاتەکانمان واڵا بکات.
هەموو ڕۆژێکتان هەر جەژن و شادی بێت و کوردستانیشمان ئازاد و ئاوەدان و پێشکەوتوو.
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان
23/ ئەیلوول/2015
بهبۆنهی جهژنی قوربانی پیرۆز، بهرێز مهسعود بارزانی، سهرۆكی ههرێمی كوردستان، پهیامێكی پێشكهش به گهلی كوردستان كرد. ئهمهی خوارهوه دهقی پهیامهكهیه:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی قوربانی پیرۆز، پیرۆزبایی لە خەڵكی كوردستان و سەرجەم موسڵمانانی عێراق و جیهان دەكەم. پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان دەكەم كە بە خوێنی ڕۆڵەكانیان داری ئازادی و نیشتیمان پارێزراوە و پیرۆزبایی لە یەك بە یەكی هەموو پێشمەرگە قارەمانەكان و هێزەكانی ئاساییش دەكەم كە قارەمانانە بەرگری لە خاك و گەلی كوردستان دەكەن و بوونەتە سەنگەرێكی پۆڵایین بۆ بەرگریكردن لە هەموو مرۆڤایەتی. پیرۆزبایی لە حاجیانی كوردستان و ڕێبوارانی ماڵی خودا دەكەم و داواكارم لە خودای مەزن عیباداتیان قبوڵ بكات. هیوادارم ئەو جەژنە ببێتە مایەی تێكشكانی یەكجارەكیی تیرۆریستانی داعش و هەموو ئاوارەكان بگەڕێنەوە شار و ماڵەكانیان.
جەماوەری خۆشەویستی كوردستان
لەم بۆنە پیرۆزەدا بە پێویستم زانی جارێكی دیكە لەبارەی ئەو قەیرانە سیاسییە قسە بكەم كە ئێستا لە هەرێمی كوردستان لە ئارادایە. لە كاتێكدا كە گەلەكەمان بە قۆناغێكی هەستیاردا تێدەپەڕێت و لەبەردەم دەرفەت و هەڕەشەی گەورەدایە، هیچ پێویست نەبوو كە بەم شێوەیە مامەڵە لەگەڵ پرسی سەرۆكایەتی بكرێت و كار بۆ قووڵتركردنی قەیران و تێكدانی ئاسوودەیی خەڵك بكرێت.
لەم پرسەدا ئەوەی لەسەر شانی من بووە ئەنجامم داوە. بەر لەوەی ماوەی یاسایی سەرۆكی هەرێم تەواو بێت داوای هەڵبژاردنم كرد و ئەركی یاسایی خۆم بە جێ گەیاند بەڵام هەڵبژاردن نەكرا. پێشتر چەندین جار داوام لە حزبەكان و پارلەمان كرد كە ئەم بابەتە یەكلایی بكەنەوە بەڵام دیسان ئەنجامی نەبووە. بە هیچ شێوەیەكیش داوام نەكردووە من لە پۆستەكەدا بمێنم. هەموو جۆرە بۆچوونێكیش ڕەت دەكەمەوە كە پێیان وایە من بەدیلم نییە.
لە درێژەكێشانی ئەو بارودۆخە زۆر نیگەرانم و خەڵكی كوردستانیش بێزار بووە و مافی خۆیانە گلەیی بكەن. بە تایبەت كە قەیرانی قووڵ بەرۆكی كوردستانی گرتووە، كێشەكان لەگەڵ بەغدا و قەیرانی ئابووری و دابەزینی نرخی نەوت و لێشاوی ئاوارەكان و لەسەرووی هەمووشیانەوە شەڕی تیرۆریستانی داعش، بۆیە دەكرا حزبەكان و پارلەمان بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بابەتانە بەشێوەیەكی گونجاوتر قسەیان لەسەر ئەو پرسە كردبا و، بەر لە 23ـی حوزەیرانی ئەمساڵ دەرفەتی چارەسەركردنی گرفتەكانیش زۆر بوون.
سەبارەت بەم قەیرانە دوور لە هەموو جۆرە عاتیفە و كاردانەوەیەك داوا لە هەموو حزبەكان دەكەم ئەوانەی بەشداری پارلەمانن و هەموو ئەو حزبانەی مۆڵەتیان هەیە كە ئەگەر كۆبوونەوەی پێنجقۆڵی لە ماوەیەكی كورتدا نەگەییشتە ئەنجامێك، كۆببنەوە و بە باشی بیر لە دۆزینەوەی چارەسەرێكی واقعیانە بكەن كە قەیرانەكان قووڵتر نەبنەوە و بە تایبەتیش گرفت لە شەڕی دژی داعش دروست نەبێ. من زۆر بە باشی لە سەروەریی یاسا تێدەگەم و دەبێ زیاتر لە هەموو كەسێك ڕێز لە یاسا بگرم. داواكارم چیتر مانەوە و نەمانەوەی من تێكەڵی ئالیەتی هەڵبژاردنی سەرۆك و دەسەڵاتەكانی نەكرێت، چونكە دوو بابەتی لێك جیاوازن. پێشنیار دەكەم هەموو حزبەكان بڕیار لەسەر ئەوە بدەن كە بەر لە 2017 دەسەڵاتەكان و میكانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆك لە دەستووردا یەكلایی ببێتەوە و بڕیاری كۆتایی بۆ گەل بێت. بۆ ئەو ماوەیەش و بۆ سەرۆكایەتی چۆن بە باشی دەزانن با بڕیاری لەسەر بدەن. بڕیارەكە هەر چۆنێك بێت، چ بەردەوامبوونم بێت لەسەر ئەركەكانم هەتا هەڵبژاردن یان لەسەر بەڕێزێكی تر ڕێك بكەون بۆ ئەوەی ئەمانەتی سەرۆكایەتیی ڕادەست بكەم بۆ ئەوەی چیتر خەڵكی كوردستان بەم بابەتە سەرقاڵ و ماندوو نەكرێن.
ئێستایش كوردستان پێویستی بە هەوڵی هەموو لایەكە كە زانایانە و بە ڕۆحێكی پێشمەرگانە كاری بۆ بكەین بە تایبەت كە لەم قۆناغە هەستیارەدا ئەگەری داڕشتنەوەی نەخشەی ناوچەكە هەیە. هیوادارم هەموو لایەك زۆر بە هوشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو قۆناغەدا بكەن. خۆڕاگریی پێشمەرگە گەورەترین داستان و چیڕۆكی سەركەوتنی بۆ هەموو جیهان لە بەرانبەر تیرۆر تۆمار كردووە. خۆڕاگریی پێشمەرگە و گەلەكەمان سەربەرزییەكی مەزنی بە ئێمە بەخشیوە و دەرفەتی گەورەیشی بۆ ڕەخساندووین. پێشمەرگە لەسەر ئاستی جیهانیدا بووەتە سیمبۆلی بەرگریكردن لە بەهاكان و ئازادی و داعشیش سیمبوڵی تاوان و شەڕانگێزی و دەبێ حزبەكان لەو دەرفەتە بگەن و بۆ بەرژەوەندیی گەلەكەمان سوودی لێوەرگرن.
لێرەدا پێزانینێكی زۆرم بۆ خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان و تەحەمولی كێشە و قەیرانەكانی ئەو ماوەیە هەیە. ڕاستە قەیران هەیە، بەڵام ئومێدیش هەیە و نابێ بێ هیوا بین. زۆر بە باشی لە داواكاری و بارودۆخی گەنجە خۆشەویستەكانی كوردستانیش دەگەم و مافی ڕەوای خۆیانە. بەڵام لە هەموو حاڵەتێكدا باوەشی نیشتیمان گەرمترە و وڵات شیرینترە. بینیمان بە سەدان گەنجی خوبەخش لە دەرەوەی وڵات هاتنەوە و هەموو خۆشییەكانیان جێهێشت و یارمەتیی برا پێشمەرگەكانیان دا و ئامادەی گیانفیدایی بوون بۆ وڵاتەكەیان. داوا لە گەنجە خۆشەویستەكان دەكەم لەجیاتی ئەوەی بیر لە جێهێشتنی وڵات بكەنەوە هیوایان بەهێز بێت، قەیرانەكان قووڵن بەڵام چارسەریشیان هەیە. دەبێ بە هەموو لایەك بیر لە نەهێشتنی هۆكاری كێشەكان بكەینەوە و لەسەرووی هەمووشیانەوە ئەركی حكوومەت و پارلەمان و حزبەكانە.
چاكسازیی پڕۆسەیەكی پێویستە و یەكێكە لە بنەما سەرەكییەكانی زیندوویەتی كۆمەڵگە و سیستەم و پێشكەوتنی وڵات و، ئەو چاكسازییەی كە بەر لە چەند ساڵێك دەستمان پێكردبوو پێویستە كارا و فراوان بكرێت و دەبێ كاری جدیی و كردەیی بۆ بكرێت. ئەوەیش دووپات دەكەمەوە كە نابێ هیچ قەیرانێك ببێتە ڕێگر لەبەردەم مافەكانی گەلەكەمان و بڕیاردان لە چارەنووسی خۆی. ئەولەوییەتی سەرەكیی منیش مافی چارەنووسی خەڵكی كوردستان و نەهێشتنی مەترسیی داعشە لەسەر كوردستان.
خەڵكی خۆشەویستی كوردستان لەوە دڵنیا دەكەمەوە كە هەر چەندە ئەم قۆناغە سەختە بەڵام پشت بە خوا و هیمەتی گەلەكەمان، بە سەركەوتوویی تێدەپەڕێنن.
هیوای شادی و بەختەوەری بۆ هەموو خەڵكی كوردستان دەخوازم و جەژنتان پیرۆز بێت.